شاعیر: بێخود
کتێب: دیوانی بێخود
سەرناو: فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو

فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو
بەراتی بۆ هەموو شێخ و مەلا ڕەنج و مەرارەت بوو

بەشی خەڵقی «بەهارە»ی بێ «مرۆر»ی سیححەت و شادی
بەشی ئێمەش هەموو «حاجی بەیان»ی دەرد و میحنەت بوو

ڕەفیقێکمان هەبوو ئێمەی غەریقی بەحری زەحمەت کرد
بەڵام خۆی وەک دوڕڕی یەکتا سەدەف بەرداری ڕەحمەت بوو

ئیمام و واعیزی مزگەوتی پاشا شێخ عومەر یەعنی
خەلیفەی نەقشبەندی، خادیمی شەرع و دیانەت بوو

کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە مامۆستای خیرەد، فەرمووی: 
ئیمامێ بازی ڕۆحی ئاشیان ئارای جەننەت بوو

وەلی عەهدی لەپاش خۆی شێخ محەممەد بوو بِحَمدِ اللّه
لە عەسری خۆشیا هەر ئیشی تەدریس و ئیمامەت بوو

خودا کوێری نەکەی ئەو خانەدانی عیلم و عیرفانە
هەتا عالەم بمێنێ، چونکە هەر یانەی فەزیلەت بوو